HEADLINES:

گۆڕان و نوقڵانەی نابووتی!

6/2/2018 3:41:30 PM

7139 View

ئازاد تۆفیق
+ -

ماوەیەک لەمەوبەر ھەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی گۆڕان و لەم شەوانەشدا فەریکە گۆڕانخوازێ، کە بەھۆی ھەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەوە توشی نائومێدیەکی زۆر بوون، لە نوسین و چاوپێکەوتنێکدا دەیانەوێ پێمان بڵێن.. دەبێ لەمەودوا یەکەم کار و دواکاری بزوتنەوەکەیان تەنھا بایکۆتکردن و نابوتکردنی یەکێتی بێت و ھیچی دی! وەک ئەوەی یەکێتی مادەی سەد و چلی جێبەجێ نەکردبێ و یەکێتی بودجە و موچەی خەڵکی کوردستانی بڕیبێ و یەکێتی لە حکومەت و لە پەرلەمانی کوردستان وەدەری نابن! ئازیزان.. یەکەم با ئەوەتان بۆ ڕاست بکەمەوە، کە ئێوە ئێستا نا، بەڵکو ھەر لە یەکەم رۆژی دروست بونتانەوە تا ئەمڕۆ ھەر خەریکی بایکۆت و کەمپین کردن بوون لە یەکێتی و ئەوە کار و بیرکردنەوەتان بووە بۆیە تەواوتان کرد! دووەم.. ھێزی سیاسی بەخواستی ئەم و ئەو نابوت نابێ، بەڵکو بە سیاسەتی ناتەندروست و ناواقعی نابوت دەبێ! ھێزی سیاسی بە وتار و نوسینی رەش نابوت نابێ، بەڵکو بەبێ روئیایی و بێ ناسنامەیی نابوت دەبێ! بەو ھەڵوێستانە نابوت دەبێ، کە نەزانێ بایکۆت لە کێ دەکات و لە کێی ناکات، لەکوێدا دەنگ ھەڵدەبڕێ و لە کوێدا بێدەنگ دەبێ، کەی دەبێتە ئۆپۆزیسۆن و کەی دەسەڵاتیش وەردەگرێ! ھاوڕێ گیان سیاسەت کردن نەخەو و خەیاڵە و نە قسەی باق و بریق، نە بە ڕق و قین دەکرێ و نە بەخەیاڵی رۆمانسیانەش! ئاخر ھەرچۆن سیاسەت ئەوە نیە، کە بەزۆر بەرگێ بکەیتە بەری کەسێ، کە خودی کەسەکە لەبەرگەکە گەورەتر بێ، ھاوکات تێڕامانیش نیە لە ئاسمانی شین و بێگەرد لە شەوێکی ساماڵی ھاویندا بە ڕاکشاوی لە سەربانی گوندێکی دورەدەست! سیاسەت ھونەرە، تاکتیکە، زانستە، کارگێڕیە، گەمەیە و دەبێ دەست و پەنجەی لەتەکدا نەرم بکرێ! بۆیە ئەوی پێیوابێ دەبێ واقیع بە ئارەزو و خواستی ئەو ھەڵسوڕێ، ئەوە سۆفییە نەک سیاسی! ئەوی پێیوابێ ھەر ئەو وەستا و مامۆستایە و ماباقی خەڵک، ھەموو شاگرد و قوتابین و دەبێ ئاقڵ ئاقڵ دانیشن و گوێڕایەڵ بن، ئەوە خاوەنی خەوێکی خۆشە، نەک خاوەنی خەونێکی جوان! بۆیە دەبێ ھەموومان باش لەو ھاوکێشەیە بگەین، کە مەرج نیە ھەموو جارێ گۆزەی سەرشانی ھیچ ھێزێکی سیاسی لە کانی خواستەکانی بە ساغی بێتەوە! گۆزەکەی من لە ساڵی ٢٠٠٩ دا شکا، چی تیایە گەر گۆزەکەی تۆش ساڵی  ٢٠١٨ درزێکی تێکەوێ! لەخۆڕایی نەوتراوە: ھونەر ئەوە نیە کە نەکەوی، بەڵکو ھونەر ئەوەیە، کە کەوتی بزانی چۆن ھەڵدەسیتەوە! جا من و تۆ ئەمە کارمان بێ و دوو رۆژ جارێ بەڕێی کانیەوە بین، حەتمەن دەبێ چاوەڕوانی ھەموو ئەگەرێ بکەین! بۆیە بەڕای من ئەو ھێزە نابوت دەبێ، کە لەماوەی نۆ ساڵی تەمەنیدا ئەم ھەڵوێستە نادروست و دروشمە قەبە و سیاسەتە دیماگۆگیانەی گرتبێتە بەر، نەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان! بۆیە..


نابوت ئەوەیە باسی مۆدێلێکی نوێ لە دروست بوونی حزبی سیاسی بکەیت، کەچی وەختێ بە خۆت بزانی سەرت لەوپەڕی تەقلیدیەتیەوە دەرچێ!
نابوت ئەوەیە بە چاولێکەری لە خۆپیشاندانەکانی تونس و میسر داوای (ارحل) لە دەسەڵاتی سیاسی کوردستان بکەیت، کەچی ھێندە نەبات خواخوای ئەوەت بێ، ئەو دەسەڵاتە بتکاتە شەریکی خۆی!
نابووت ئەوەیە نەزانی چۆن دەبێژی و چی دەبێژی، بۆیە رۆژێ بە پێشمەرگە بڵێی قارەمان و دە رۆژیش پێی بڵێی میلیشیا و ئەنفالچی!
نابوت ئەوەیە، کە ئەم  زاراوە و دەستەواژە و چەمک و ئاکارە ناواقعی و نامۆراڵانەی ھێنایە ناو کایەی سیاسی (پاکێچ، بایکۆت، کەمپین، حکومەتی سێبەر، تەپڵ لێدان، فیکە لێدان، بتڵ ھاوێشتن، چوار ساڵ ئارامی، گەوجێنراو، مووچەی کابانی ماڵ..) و ھتد، کەچی دواجار سەری لە خشەوە دەرچێ!
نابوت ئەوەیە رۆژێ ھەولێر بە قەڵای ئازادی بزانی و کۆنگرەی خۆتی تیا بگریت و رۆژێکیش بڵێی ھەولێر شارێکی ئەتک کراوە!
•      نابوت ئەوەیە رۆژێ بە بارزانی بڵێ بنەماڵە و رۆژێکیش سواڵی ئەوەی لێ بکەی تا پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقت بە دیاری پێ ببەخشێ!
نابوت ئەوەیە رۆژێ لەسەر شاشەی تیڤیەکان بە ئاشکرا بە دەم خەندە و قاقاوە، نوقڵانەی نەمانی یەکێتی لێبدەیت و رۆژێکیش خواخوای ئەوەت بێ یەکێتی لەگەڵتا رێک بکەوێ!
نابوت ئەوەیە بانگەشەی گەنج و خوێنی نوێ و زەرورەتی پێگەی ژن بکەیت، وەک کاراکتەرێکی کارا لە بەشداری سیاسی، کەچی کە خانە ھەڵدەبژێرێ، فۆرمێکمان پێشکەش بکەیت سەد لەسەد پێچەوانەی ئیدعاکانت بێ!
نابوت ئەوەیە سەرجەم پەرلەمانتار و وەزیرەکانت وەدەردەنرێن، کەچی تا دوای دووساڵ نەتوانێ بڕیاری کشانەوە لە دەسەڵاتدا بدەیت!
نابوت ئەوەیە سەرجەم ئەموالی مەنقولە و غەیرە مەنقولەی بزوتنەوەکەت تاپۆی کەسێ بێ، کە بەمیرات بۆی مابێتەوە، کەچی کەسیش نەوێرێ یەک فزەی لەدەم بێتەدەر!

برالە حەزەکەم باش باش بزانن، یەکێتی نیشتیمانی بە ھێزێک نابوت ناکرێ، کە ھەر ھەموویان (لەژێر پاڵتۆکەیەوە ھاتبنە دەرەوە)*
*بە ئیقتیباس لە قسەیەکی نوسەری روسی (تورگنیف) ەوە وەرگیراوە، کە سەبارەت بە شانۆیی (پاڵتۆ) بە نوسەری روسی (گۆگۆل) دەڵێت.