HEADLINES:

کێ بەرپرسە دەوڵەت یان حکومەت؟

6/4/2018 8:34:44 AM

1569 View

ئارام سەعید
+ -

بۆ ئەوەی لەراستی کێشەکان بگەین گرنگە بەراوردێکی زانستیانە بکەین لە نێوان دەوڵەت و حکومەتدا، بێگومان پێناسە زۆرە بۆ ھەریەکێکیان بەڵام لە کۆی پێناسەکاندا ھاوبەشی گەورە لەسەر چەمکێک ھەیە کە ئەویش ئەوەیە دەوڵەت کیانێکە لە جوگرافیایەکی دیاری کراو کە سنوری خۆی ھەیە و خاوەنی رۆشنبیری و مێژوو زمانی خۆیەتی کە ئەکرێت زیاتر لە زمانێک و ئاینێک لەو سنورەدا ھەبن، کەواتە ئەتوانین بڵێن ئەگەر دەوڵەت رێکخراوێک بێت ئەوا حکومەت ئەنجومەنێکی ئیدارەیە بۆ ئەو دەوڵەتە و مێشکی بەرێوەبردنیەتی، دەوڵەت دەمێنێتەوە و بەردەوامە و حکومەت دوای ھەر ھەڵبژاردنێکی گشتی دەگۆڕێت، بە نمونە دەوڵەتی ھیندستان لە ساڵی ١٩٤٧ ەوە دەوڵەتێکی سەربەخۆو خاوەن سەروەریە، بەڵام چەندین حکومەتی تیا گۆڕا و روخا، پاشان ھیچ گۆرانکاری جەوھەری لە بناغغەی دەوڵەت ڕووینەدا. 

جیاوازییەکی تر لە ھەموو دەوڵەتێکدا چوار رەگەزی گرنگ ھەن ( دانیشتوان، ھەریمەکان، حکومەتەکان، سەروەری) بەڵام حکومەت دەکرێت جیاواز بن فیدراڵی، پارلەمانی، سەرۆکایتی، پادشایەتی، یان تێکەڵاوێک لەوانە.

ئەوکاتەی لەو جیاوازیە گرنگە دەگەین زۆر لە کێشەکانمان بۆ چارەسەر دەبێت و ئاڵۆزی گەورەی تێنەگەیشتن لە کێشەکان جیا نەکردنەوەی ئەو دوو چەمکەیە واتە ئەو کاتەی دەوڵەت لە حکومەت جیاناکرێتەوە، لێرەوە پرسیاری سەرەکیمان دەستپێدەکەین، لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا دەوڵەت بونیی ھەیە؟ یان ئەوەی ھەیە کۆمەڵێک حزبی سیاسی و کیانی جیاواز دەستیان گرتوە بەسەر ھەمویدا و تێکەڵیان کردوە و لە ئەنجامدا شتێک پێکھێنراوە کە ناوی کۆماری فیدراڵی عێراقە و لە ھەرێمیش بە ھەمان شێوە کارەکان تێکەڵ و پێکەڵە و ھیچ پایەکی دەوڵەت و دەوڵەتداری بونیی نیە، چونکە ئێستا لە عیراقدا و لە ھەرێمی کوردستان چەندین پێشێلکاری بەرامبەر سەروەری دەکرێت و سوپای بێگانە دێت و سەرچاوەی ئاوی لێدەگیرێتەوە تەزویر لە ھە لبژاردن دەکرێت، ئەوەی غائبە دەوڵەتە و حکومەت کە تەنھا بۆ چوارساڵ دێت و دەروات باکی نیە بە ئەرکی خۆی نازانێت ، ھەرچەندە لە ھەرێمی کوردستان ئەمەش نەکراوەو ٢٧ ساڵە ھەر ھەمان ئەو دەموچاوانەن حوکمرانیی دەکەن و ھەرخۆیان دەوڵەت و عکومەتیش بوون کە ئەمە دەگمەن و دەرخەری ئەوەیە کە ھەرگیز ئەو ھێزانە نایانەوێت دەوڵەت دروست بێت چونکە ئەوکات رێگەیان پێ نادریت لە دوای ماوەی یاسایی حوکمرانیی بکەن. بۆیە بە گشتی سەروەری پاراستن ئەرکی دەوڵەتە نەک حکومەت.