HEADLINES:

لە دیمەنەكانی دوای ریفراندۆم، بەربانگی سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم

6/3/2018 6:33:31 PM

1977 View

سەرتیپ جەوهەر
+ -

بڵاوبونەوەی دیمەنی ھاتنی جەندرمەی تورک بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان و گەڕان و سوڕانیان بەناو دێھات و گوندەکانی باشوری کوردستان لە پارێزگای ھەولێرو دھۆک، قەبارەی دەستوەردان و ھەژمونی تورکیا بەسەر ئەو سنورانە دەردەخات، بەڵام بیرمان نەچێت دەستوەردان و دەستڕۆیشتنی جەندرمەو موخابەراتی تورکیا لەوناوچانە ھەر ئەوەندە نییە رێککەوتنێکی کاتی بۆ ئۆپەراسیونێکی دیاریکراوی سەربازیی کرابێت لەنێوان پارتی و موخابەرات یان دامەزراوەی عەسکەریی تورکیا، بەڵکو لەوەدەچێت ئەو رێککەوتنە زۆر لەوە گەورەتر بێت کە ئێمە چاوەڕێی دەکەین!

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن ئێستا زیاتر لە ٢٠ بنکەی سەربازیی و موخابەراتیی دەوڵەتی تورکیا لەناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان لەھەردوو پارێزگای ھەولێرو دھۆک بونیان ھەیە، لەبەشێک لەو بنکانە، چەکی قورس و جیاوازو تەنانەت ھێلی کۆپتەری ھێرشکردن و شەڕکردنیش ھەیە، لەگەڵ بونی سەدان تانک و تۆپی دورھاوێژ!

بەپێی ھەندێ زانیاریی، لەھەندێ ناوچە، یان لەھەندێ بنکەی سەربازیی تورکیا، سەربازانی ئەو ھێزانەی تورکیا، بەئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگە لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگوێزرێنەوە! ئەمە، ھەم بۆ پاراستنیان لەڕوی ئەمنییەوە، ھەمیش بۆئەوەی لەشەقام و جادەکانی کوردستان نەبینرێن و وێنەیان نەگیرێت و لێکەوتەو ناڕەزایی لەلایەن خەڵکەوە لێنەکەوێتەوە!

بەپێی زانیاریی، زیاتر بەشێک لەو لیوا ھاوبەشانەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە ناوچەی بارۆخ لەکانی ماسی لە پارێزگای دھۆک بۆ پارێزگاریی بنکەیەکی میتی تورک دانراون، بەڵام کێشە دروستبووە لەسەر پارێزگاریی لەو بنکەیەو ئەفسەرانی سەر بەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان ناڕازیی بوون، کاتێک تورکەکان زانیویانە ئەو ھێزە ھاوبەشەو پێشمەرگەو ئەفسەرانی یەکێتی تێیدا ھاوبەشن! داواینکردووە تەنھا ھێزێکی ئەرکی پارێزگاریان بگرنە ئەستۆو ناڕازیی بوون ئەفسەران و پێشمەرگەی یەکێتی لەو ھێزە بمێننەوە!

خراپتر لەوە، ھەر بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، لەناوچەکانی سنور، یەکێک لەکەسە دیارەکانی سنوری (برادۆست –لۆلان) لەلایەن جەندرمەی تورکیا داوەتکراوە بۆ ئەنکەرەو لەوێ داوایکردووە چەک پێویستی بدەنێ تا ھێزێکی (کوی کورجوسو) ( köy korucusu)واتە پارێزگاری گوندەکان دروستبکات! ئەمەش ناڕەزایی توندی لەلایەن پارتی لێکەوتۆتەوە! بەوپێەی ناکرێت ھێزێک لەژێر سەرپەرشتی تورکیا لەباشوری کوردستان دروستبکرێت!

ئەو دیمەنانەی سەرەوە، روداوەکانی دوای ریفراندۆم سەربەخۆیی و ئەو ھەموو دروشمە بریقەداراەی بەشێک لەسیاسیەکانی کوردستانە، کاتێک ئەو بارودۆخە دەبینین، باشتر روونتر دەبێتەوە کە ریفراندۆم پرۆژەیەکی قەومی نەبوو، بەڵکو پرۆژەیەکی سیاسی بووە لەچوارچێوەی ئەجێندایەکی دیاریکراو و سەرەنجام چاوبەستکردنی خەڵکی کوردستان بوو بەدروشمیی قەومیی!

ئەو دیمەنانەی سەرەوە، دوفاقی حکومەتی ھەرێم دوبارە دەبێتەوە، بەوەی لەئاست دەستوەردان یان لێدوانێکی ئێران بەیاننامەی توند دەردەکات، کەچی لەئاست بون و دەستوەردان و سنوربەزاندنی سوپای تورکیاو بێدەنگ و کڕوکپە! نەک بەیاننامەی ناڕەزایی بەڵکو بەشێک لەدامودەزگاکانیشی خستۆتە خزمەت ئەو دەستوەردانە!

دەستوەردانی سوپای تورکیا ھەر ئەوەندە نییە، بەڵکو دوپاتبونەوەی نەبونی ھیچ سەروەرییەکە، بۆ خاک و خەڵکی کوردستان! نەبونی ھیچ بەھایەکی قانونی و شەرعییەتی نێودەوڵەتییە بۆ سنورەکانی ھەرێمی کوردستان!

خولاسەی کەلام، ئەوەی رودەدات، پەیوەندی بەئیرادەو خواستی خەڵکی کوردستانەوە نییە، بەڵکو، بڕیارو مێژوی لایەنێکی سیاسی دیاریکراوی کوردستانە، من و ئێوەو ھەموومان بەدەنگ و رەنگ تۆماری دەکەین، سەرەنجام، دیمەنێکە لەمێژوی سیاسی لایەنێکی دیاریکراوی کوردستان و ھەمیشە خۆی دوبارەو دوبارە دەکاتەوە!