13/06/2017
14521 جار خوێندراوەتەوە
+
-
بارزانی فەرمانێکی هەرێمی دەرکردووە لەبارەی کات
و چۆنیەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دەقی پرسیاری ڕیفراندۆمەکە.
ڕۆژی ٨ ی ئەم مانگە فەرمانە هەرێمییەکە دەرچووە
و بارزانی ئیمزای کردووە و لە فەرمانە هەرێمییەکەدا چەند خاڵێک خراوەتەڕوو کە بریتین
لە:-
١.ئەنجامدانی ڕاپرسی گشتی لە ڕۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان
و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
٢.پرۆسەی ڕاپرسی بە دەنگدانێکی گشتی نهێنی ڕاستەوخۆی ئازاد ئەنجام دەدرێت،
پرۆسەکە لە کاتژمێر هەشتی بەیانی دەستپێدەکات و تا شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
٣.بەمەبەستی جێبەجێکردنی مافی چارەنوس، بەشدارانی پرۆسەکە بە بەڵێ یان نەخێر
وەڵامی ئەم پرسیارەی لای خوارەوە دەدەنەوە، ئەویش بە دانانی هێمای ڕاست بەرامبەری
-ئایا دەتەوێ هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی
دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟
-بەڵی ( )
-نەخێر( )
٤.پێویستە دەنگدەر شیاوی دەنگدانی تێدابێت بەپێی یاسا و ڕێنماییە پەیڕەوکراوەکان.
٥.کارتی دەنگدان بە زمانەکانی کوردى و عەرەبی و تورکمانی و سریانی بەشێوەی
چاپکراو بەڕوونی دەنوسرێت.
٦.ئەو بژاردەیەی کە زۆرینەی دەنگ وەردەگرێت بە براوە ئەژمار دەکرێت و دەبێتە
ئیرادەی گشتی گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتەکانییەوە.
٧.سەبارەت بە تۆماری دەنگدەران و ڕیکلام و دەنگدان و تاوانی هەڵبژاردن ئەو
ئەحکامانەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ ی هەرموارکراو
و یاسا پەیوەندیدارەکاندا هاتوون جێبەجێ دەکرێن.
٨.کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەڵدەستێت بە ئەنجامدان
و سەرپەرشتی کردنی ڕاپرسیەکە و ئامادەکردنی تۆماری دەنگدەران و جیاکردنەوە و ئەژمارکردنی
دەنگەکان و بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی. لەم بارەیەشەوە پەیڕەوی ڕێنمایی و ئەحکامی یاسا
پەیوەندیدارەکان و ستاندەرە جیهانییەکان دەکات.
٩.کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەماهەنگی دەکات لەگەڵ ئەنجوومەنی
باڵای ڕاپرسی لە کوردستان بۆ جێبەجێ کردنی پرۆسەکە.
١٠.دامەزراوە حکومیی و حزبییەکان بۆیان نییە بەهیچ شێوەیەک لە شێوەکان دەستێوەردان
بکەن لە کاروباری بەرپرسان و سەرپەرشتیاران و ئەنجامدەرانی پرۆسەی ڕاپرسی و ڕێگا نادرێت
هیچ کەس و لایەنێک دەستبخاتە ناو کاروباری دەسەڵاتەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن
و ڕاپرسی لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانی بە بێلایەنانە و سەربەخۆیی و دەستپاکی و ئاشکرای
تەواو بە پێی یاساکان.
١١. لایەنە پەیوەندیدارەکان بواری پێویست دەڕەخسێنن بۆ بەشداریکردنی تێکڕای
ئەندامانی گەل و گرەنتی ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە و هاتوچۆ و دەنگدان بەپێی یاسا
پەیڕەوکراوەکان و ئاسانکاری و هەماهەنگی دەکەن لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن
و ڕاپرسی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.
١٢.مسۆگەرکردنی بەشداریکردنی لایەنە پەیوەندیدارە بیانییە فەرمی و نافەرمییەکان
و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا لە چاودێریکردنی گشت کاروباری ڕیکلام و بەڕێوەچوونی
دەنگدان و جیاکردنەوە و ئەژماردنی دەنگەکان و بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکان.
١٣.کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی
کاردەکات بۆ ڕەخساندنی بوار بۆ بەشداری ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوە لەم ڕاپرسییەدا.
م.ر