بەپەلە

كام ده‌رفه‌تی مێژوویی؟

6/13/2017 11:27:00 AM

475 جار خوێندراوەتەوە

به‌همه‌ن ئه‌حمه‌د
+ -

جگه ‌له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی كه‌ خۆیان باش ده‌زانن ئامانج و مه‌به‌ستیان له‌ ریفراندۆم چیه‌، ته‌واوی لایه‌نه‌كانی دیكه‌، به‌ مه‌به‌ست یان به‌بێ مه‌به‌ست، باسی هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی ده‌رفه‌تێكی مێژوویی ده‌كه‌ن بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ریفراندۆم، ئه‌م بابه‌ته‌ سۆراغی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ‌ده‌كات كه‌ ئاخۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژووییه‌ چیبێت میلله‌تی كورد و رۆشنبیران و رۆژنامه‌نوسان و به‌شێكی زۆر له‌ سیاسییه‌كان هه‌ستیان پێنه‌كردووه‌.

ده‌رفه‌تی مێژوویی بۆ وه‌ها پرسێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌چاره‌نوسی میلله‌تێكه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌بێت بریتیبێت له‌ پشتگیرییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی به‌هێز، پته‌وكردنی ژێرخانێكی ئابوری، بوونی سوپایه‌كی نیشتیمانی به‌هێز، له‌گه‌ڵ چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی دیموكراسی و به‌دامه‌زراوه‌یكردنی كۆمه‌ڵگا.

به‌داخه‌وه‌، كه‌ سه‌یری واقیعی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، هیچ كام له‌و ده‌رفه‌تانه‌ له‌پێش نیه‌ و كاریشی بۆ نه‌كراوه‌ تا میلله‌تێكی به‌دبه‌خت كه‌ هێشتا ماندوێتی شه‌ڕی تیرۆر و به‌عس و ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵ له‌جه‌سته‌ىدایه‌ بخزێنرێته‌ ناو چاره‌نوسی نادیاری ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆمێكی له‌وجۆره‌.

له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا بینیمان هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، رووسیا، یه‌كێتی ئه‌وروپا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دژایه‌تی خۆیان بۆ وه‌ها پرسێك ده‌ربڕی، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی به‌هه‌موو لۆجیكێك وڵاتانی ناوچه‌كه‌، ئێران، توركیا، سوریا، عێراق نه‌ك پشتگیری ناكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر بزانن نیازێكی راسته‌قینه‌ تێدایه‌، چییان پێبكرێت بۆ له‌باربردنی ده‌یكه‌ن.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ ئاشكرابووه‌ كه‌ بارزانی گه‌ره‌نتی داوه‌ته‌ هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا و عێراق و توركیا كه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی به‌جدی نییه‌ و سه‌ربه‌خۆیی به‌دوادا نایه‌ت، به‌ڵام ره‌تكردنه‌وه‌ی وڵاتانی كاریگه‌ری ناوچه‌كه‌  پێمانده‌ڵێت، هیچ پشتگیرییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی بۆ ئه‌م ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییه‌ له‌ئارادا نیه‌.

له‌ڕووی ئابووریشه‌وه‌ گه‌ر سه‌یربكه‌ین، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن له‌قه‌یرانی داراییداین، نه‌ك خاوه‌ن داراییه‌كی به‌هێزنین، به‌ڵكو قه‌رزارین، ژێرخانی ئابوری و پیشه‌سازیمان داڕماوه‌، هه‌زاران گه‌نج بێكارن، ده‌رفه‌تی ئیش له‌كه‌رتی حكومی و تایبه‌ت له‌خراپترین حاڵه‌تیدایه‌، له‌سه‌دا ٩٠بۆ ٩٥ ی كاڵاكانی هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێن، له‌حاڵه‌تی روودانی بچوكترین ئابڵوقه‌ی ئابوری گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی مرۆیی به‌هۆی ئه‌زمه‌ی خۆراكه‌وه‌ رووده‌دات، كه‌واته‌ له‌م رووه‌شه‌وه‌ هیچ ده‌رفه‌تێكی مێژوویی و نامێژوویی له‌گۆڕێ نیه‌.

له‌ڕووی توانای به‌رگریش، تا ئێستا هه‌رێمی كوردستان پشتبه‌ستووه‌ به‌ وڵاتانی ده‌ره‌كی و خاوه‌نی سوپایه‌كی نیشتیمانی به‌هێز نیه‌ و له‌و ڕووه‌وه‌ هێشتا له‌ هێزێكی خێڵه‌كی بنه‌ماڵه‌یی ده‌چێت كه‌ له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی خێڵه‌كه‌ی په‌لاماری هه‌موو خێڵه‌كانی ترده‌دات.

له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه‌، ئه‌وه‌ی مه‌ترسی گه‌وره‌یه‌، نه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی دیموكراسی و ئابوری و سیاسییه‌ تا بتوانین ئومێدیان له‌سه‌ر هه‌ڵبچنین و به‌هۆیانه‌وه‌ ئه‌و پێشمه‌رجانه‌ى بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت پێویستن له‌داهاتوودا جێبه‌جێیان بكه‌ین.

به‌كورتی، هیچ ده‌رفه‌تێكی مێژوویی بۆ ریفراندۆمێكی راسته‌قینه‌ له‌گۆڕێ نیه‌ جگه‌له‌ ده‌رفه‌تێك بۆ فه‌رزكردنی ویستی تاكه‌كه‌سی بارزانی و وه‌ك خۆی وتیویه‌تی ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان و ئه‌مه‌ریكاشی له‌گه‌ڵ نه‌بێت ئه‌و هه‌ر ریفراندۆم ده‌كات، لایه‌نه‌كانی دیكه‌شی هه‌ریه‌ك به‌جۆرێك وابه‌سته‌ى جێبه‌جێكردنی ئه‌م داوا تایبه‌تییه‌ی خۆی كردووه‌، بۆنمونه‌ یه‌كێتی به‌ شه‌ریككردنی له‌ سه‌ره‌وه‌ت و سامانی كوردستان، یه‌كگرتوو به‌ كاریگه‌ری هه‌ژموونی ده‌ره‌كی و له‌ڕێگه‌ی ئۆردوغانه‌وه‌.