بەپەلە

ڕیفراندۆم چییە و چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەین؟

6/13/2017 7:08:00 AM

4504 جار خوێندراوەتەوە

د.نەوشیروان حسێن سەعید
+ -

ڕیفراندۆم بریتییە لە دەنگدانی ڕاستەوخۆ کە تێیدا دەنگدەران وەڵامی پرسیارێک دەدەنەوە سەبارەت بە پڕۆژەیەکی دیاریکراو.

دەکرێت ڕیفراندۆم بەمەبەستی گۆڕینی دەستوور یان دەرکردنی یاسایەک یان جاڕدانی سەربەخۆیی ئەنجام بدرێت.

لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە، ڕیفراندۆم جۆرێکە لە دیموکراسی ڕاستەوخۆ. یەکێک لە نموونە نزیکەکانی ڕیفراندۆم بۆجیابوونەوە یان مانەوە لە چوارچێوەی وڵاتێکدا، ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی ١٨ی سێپتێمبەری ٢٠١٤ سکۆتلەندابوو کە سکۆتلەندییەکان بە ڕێژەی ٥٥% لە دژی سەربەخۆیی دەنگیاندا و بڕیاری مانەوەیاندا لە چوارچێوەی شانشینی یەکگرتوو.

مادام ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی دیموکراسییە، کەواتە دەبێت خەڵک ئازاد بێت دەنگ بە 'بەڵێ' یان 'نەخێر' بدات. نەک هەر ئەوە، دەبێت خەڵک ئازاد بێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ 'بەڵێ' یان هاندانی خەڵک بۆ 'نەخێر'. هەرکەسێک مەسەلەکە ببەستێتەوە بە خیانەت و خۆفرۆشی، بەهەربیانوویەک بێت، جا لایەنگری دەنگی 'بەڵێ' بێت یان 'نەخێر'، ئەوە نە لە ڕیفراندۆم تێگەیشتووە نە لە دیموکراسیش، ئیتر هەر لەقەب و نازناوێکی هەبێ!.

مامەڵەی دیموکراسیانە لەگەڵ ڕیفراندۆم بەمجۆرە دەبێ:

پارتی نیشتمانی سکۆتلاند لە هەڵبژاردنەکەی ٢٠١٥ی بەریتانیا، توانی لە کۆی ٥٩ کورسی سکۆتلەندا، ٥٦ کورسی بباتەوە و سەرکەوتنێکی یەکجار مەزن تۆماربکات. ئەم پارتە لایەنگری ئەوەیە کە سکۆتلەندا لە چوارچێوەی یەکێتی ئەوروپا بمێنێتەوە. لە پاش ڕیفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠١٦ی بەریتانیا کە زۆرینەی دەنگدەران دەنگیان بەوەدا بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جیاببێتەوە، نیکۆلا ستێرجیۆنی سەرۆکی ئەو پارتە چەندینجار ئەوەی دووپاتکردەوە کە ئەوان دژی جیابوونەوەی بەریتانیان لە یەکێتی ئەوروپا، هەربۆیە هەوڵەدەن بۆ جاری دووەم ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن بۆ سەربەخۆیی سکۆتلەندا.

بەهۆی ئەو هەڵوێستەوە، بەشێک لە دەنگدەرانی سکۆتلەندا سزایەکی توندی ئەم پارتەیاندا. لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی ٨ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە بەریتانیا، پارتی نیشتمانی سکۆتلاند یەک لەسەر سێی دەنگەکانی لەدەستدا و لە کۆی ٥٩ کورسی، تەنها ٣٥ کورسی بەدەستهێنا، یانی ٢١ کورسی لەدەستدا! .

دوای ئاشکرابوونی ئەنجامەکان، 'نیکۆلا ستێرجیۆن' لەجیاتی تۆمەتبارکردنی دەنگدەران، دانی بەوەدانا کە هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانیان بەهۆی  وروژاندنی پرسی ڕیفراندۆم بووە بۆ جاری دووەم.

هەرچەندە ئێستاش پارتی نیشتمانی سکۆتلاند هەر پارتی یەکەمە لە سکۆتلەندا، بەڵام بەهۆی لەدەستدانی بەشێکی بەرچاو لە کورسییەکانیان لەم هەڵبژاردنەدا، پێناچێ جارێ بەمزوانە بیر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بکەنەوە.


لە سیستەمێکی دیموکراتیدا ئاوا مامەڵە لەگەڵ ڕیفراندۆم دەکرێت و بەوشێوەیە ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەر دەگیرێت، بەڵام لە سیستەمە دواکەتوو و نادیموکراتییەکان یان نیمچە دیموکراتییەکان، هەمیشە لەگەڵ ڕیفراندۆمدا تۆمەت و تەخوین دەبەخشرێتەوە.

ئەوەتا هێشتا زیاتر لە سێ مانگی ماوە بۆ  ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان، کەچی لە ئێستاوە هەڵمەتی تەخوین و تۆمەتبارکردن دەستی پێکردووە، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی کە ئێمە تا ئێستا لە ڕیفراندۆم تێنەگەیشتوین.

مامەڵەی تەندروست ئەوەیە کە هەردوو بەرەی 'بەڵێ' و 'نەخێر' هەوڵدەن بە بەڵگە و ئارگیومێنت و داتا سوودەکان یان زیانەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بخەنەڕوو و خەڵکیش ئازادبێت دەنگ بە 'بەڵێ' بدات یان 'نەخێر' یان ئەسڵەن هەر دەنگ نەدات.