بەپەلە

ئاڵا، ئەو قارەمانە

10/31/2016 12:52:00 PM

3319 جار خوێندراوەتەوە

بێرنارد هێنری لێڤی
+ -

ئاڵا هۆشیار تەیب، چالاکوان. ئەو کوردەی لە ئێران لەدایك بوو، لێرە بە کامێراکەی رووبەڕووی داعش دەبێتەوە. ئەو دوای ئەوەی بێهیوابوو لە پێدانی مافی پەنابەری لە ئەورووپا، گەڕاوەتەوە.

کوردستانی عێراق، زۆنی ئەلمورە. لێرە، لەم پانتاییە سەنگەرڕێژکراو و خەندەقلێدراوەدا فرانسوا مارگۆلا، بەرهەمهێنەری فیلمەکەم، ئاڵای  پێ ناساندم. ئەو ڕۆژە، باسی فیلم ناکەین. باسی پیشەیش ناکەین. بەڵکو باسی سارتەر و هابرماس دەکەین. ئەو پێی وابوو جیاوازی نێوان « فەلسەفەی ئەڵمانی » و « فەلسەفەی فەڕەنسی » ئەوەیە کە ئەڵمانەکان زیاتر گرینگی بە کۆ دەدەن، بەپێچەوانەوە فەلسەفەی فەڕەنسیی تاك بەلایەوە گرینگە. دوای کاتژمێرێک لە گفتوگۆ ـ ئێستە کە بیری لێدەکەمەوە دەبینم کە تایبەتمەندی شوێنەکە و ئامادەکارییەکان بۆ شەڕەکەی ڕۆژی داهاتوو و نزیکی دوژمن، وای لەو ساتە دەکرد زۆر سەرسوڕهێنەربێ ـ بڕیاری خۆمم لەسەری دا. کامێرامانێک کە لەناوجەرگەی شەڕدا بتوانێ پرسیارێکی فەلسەفی وا قووڵ لەخۆی بکا کە ئایا ئەوە تاکەکانن یا کۆمەڵەکان مێژوو بەرهەم دێنن؟ نموونەی ئەزموونی تایبەتی ''ژۆرژ باتای''یش بۆ سەلماندنی قسەکانی بهێنێتەوە، بەخۆمم وت بەدڵنیاییەوە کەسێکی وا ''خراپ نییە''. ئیدی ئاڵا هۆشیار دێتە ناو دەستەی فیلمەکەمانەوە هاوشانی هەردوو هاوکارانی لەگەڵ ئۆلیڤیێ جاکان و کامیی لۆتۆ کار دەکات، کە دوو کامێرامانی فەڕەنسین و لە فەڕەنساوە لەگەڵمان هاتوون بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە.

ئاڵا کوردێکی کوردستانی ئێرانە، بەشێکە لەو کوردانەی کە لەدوای هاتنە سەر حوکمی ئایەتوڵاکان لە کودێتای ساڵی ١٩٧٩وە ناچار دەکرێن لە ئێران رابکەن. بەشێکیان لە عێراقدا لە سەرەتای هەشتاکانەوە لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی عێراق پێشوازییان لێ کرا و شوێنیان بۆ دابین کرا. باوکی ئاڵا لە پێشانگای کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلدا کاری دەکرد. ئاڵا ساڵی ١٩٩٩ بەهۆی فشارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڕیار دەدات کە ئەو ولاتە بەجێبهێڵێ. ئەوکات تەمەنی تەنیا ١٧ ساڵ بوو و دەچێتە ناو حیزبی کۆمەڵەی. کۆمەڵە حیزبێکی چەپی کوردەکانی ئێرانە. کەمپەکەی کۆمەڵە لە ناوچەی زڕگوێزە لە چیاکانی قەرەداغ، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستانی عێراق. لەوێ ئایدیاکانی گیڤارا دەخوێنێتەوە و بەر قۆناغە جیاجیاکانی بیری شۆڕشگێڕی لای مارکس، لینین، ستالین و مائو دەکەوێت. هەروەها سەردەمی چەپە پرۆلیتاریاکانی فەڕەنسا. لەو ماوەیە کە لە کەمپەکەدایە، ئاڵا کاتەکانی دابەشدەکات سەر وانە پەروەردەییەکان و راهێنانە سەربازییەکانی. بەڵام ئەوکاتەی ئەو لەوێ دەبێ دۆخەکە چیتر وەکو پێشوو نییە. چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکەوتنێکی دەبێ لەگەڵ حکومەتی تاران بۆ بێدەنگکردنی چەکەکانی حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵای کوردستان و راگرتنی ئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکانیان لەناو خاکی ئێراندا. ئاڵا، وەک فەڕەنسییەکان دەڵێن ''لغاوەکەی دەکرمێنێ'' (واتە وەک ئەسپێکی سەرکەشی ئۆقرەلێبڕاو کە پەلەیەتی ئازادبێت و لێیدا بڕوا، لەهەژمەتا لغاوەکەی دەکرمێنێ) پێ بەدڵی خۆیدا دەنێت و خۆزگە بەو ڕۆژە خۆشانە دەخوازێ کە سنوورەکانی دەبڕی بۆ ئەوەی بچێ تۆوەکانی یاخیبوونی ''نامەزهەبی'' لە خاکی ئیمامەکاندا بڵاوکاتەوە.

ئایا دیسیپلینی ناو کەمپەکە، کە زۆر ئەلبانییانە بووە (کەمپەکانی وڵاتی ئەلبانیای سەردەمی کۆمۆنیزم ناوبانگ بوون بە دیسیپلینی زۆرەملێیانەیان)، بێزاری دەکا؟ یا وەک ''کەنارەکانی سیرت'' (ڕۆمانێکی ''ژولیان گراک'' ساڵی ١٩٥١ بڵاوبۆتەوە. گرنگترین خەڵاتی ئەدەبی فەڕەنسی ''گونکور''ی وەرگرتووە. باس لە جەنگێکی خەوتوو دەکات لەنێوان ئەمارەتێک و قەڵەمڕەوی خانەدانێکدا. ئەو جەنگە چەندان سەدە یە ڕاگیراوە و سوپاکان چیدی ڕاستینە نین، تەنیا لە خەیاڵدانی یەکتردا ماون. هەردوولا ئەفسانەی بوونی مەترسی و سەربازی هێرشبەری لایەکەی تر درێژەپێدەدا. لەڕاستیدا نە سەربازی هێرشبەریان ماوە و نە دوو سوپا هەیە لەبەرامبەر یەکدا بتوانن ببنە مەترسی بۆ سەر یەکتر. بەڵام ئاشتییەکی درۆیینەیە و هەر ساتێک بێت جەنگەکە بۆی هەیە بەرپابێتەوە. لە بێزاری ئەو بارودۆخەدا پاڵەوانی ڕۆمانەکە هەوڵ دەدا جەنگەکە هەڵگیرسێنێتەوە.)، ئاڵا وەک سەربازێکی سێبەر لە سوپایەکی خەیاڵیدا خۆی دەبینێتەوە، کە لەکۆتاییدا ئەمە هەمووی وەک گاڵتەبازاڕ دێتە بەرچاوی؟ یا ئایا دەشێ ڕازیبین بەو مێژووەی تێیدا ڕابەرایەتی پارتێک بچووک بووبێتەوە لە پۆستێکی فەیسبوکدا کە دەڵێ: ''بێزارم لەوەی بەرگی ''پەنابەری پیشەیی''م بۆ هەمیشە بکرێتە بەر. شەرمەزارییە بۆ ئەو سەرکردانەی وەک بۆرژواکان سواڵی یارمەتی لە ئەمریکاییەکان دەکەن کەچی بانگەوازی ئەوە دەکەن گوایە دژی ئیمپریالیزمن''. ئەوەی گومانی لێناکرێ ئەوەیە کە ئاڵا ناوبانگی ''کەسێکی سەرکەش''ی پەیدا کرد. بەرپرسەکانی چیدی متمانەیان بەو یاخییە نەما کە دەسیکرد بە خوێندنەوەی نیتچە و کیرکگارد. تەنانەت ڕۆژێک دەدرێت بە گوێیدا کە دەبێ ئاگادار بێ چونکە دەشێ ڕۆژێک لەناو کاراڤەکەیدا لاشەکەی بدۆزنەوە ''گوایە خۆکوژی کردووە''. ئیتر پێش ڕووداوەکان دەکەوێت و چاوەڕێ ناکا، بۆیە ئێوارەیەکی مانگی ٦ی ٢٠٠٦، کتێبەکانی کۆدەکاتەوە و لێدەدا دەڕوا.

دەربارەی ئەم بەشەی ژیانی، ئەو بێکێشە دەدوێ؛ تێپەڕبوون بە تورکیادا، بە یۆناندا، ڕێچکەی کلاسیکی ئەوانەی هێشتا بە ''کۆچبەر'' ناونابرێن. گەیشتن بە ئیتالیا، ئینجا لە شاری ''کان'' ـ کە ساڵانێک پاش ئەوە دێتەوە بۆ ئەم شارە، کەتێک فیلمەکەمان هەڵدەبژێردرێت بۆ فێستیڤاڵەکەی ئەوێ ـ جارێ لە دەرەوە و لەکەنار دەریادا دەخەوێ، زبڵدانەکان دەگەڕێ بۆ خواردن و ''کۆمێدی مرۆیی بەلزاک''، بە فارسی، بە هەڵپە و پەرۆشەوە دەخوێنێتەوە. ئینجا هەڵکشان بەرەو باکوور بە شەمەنەفەر ـ بەبێ بلیت. جابییەکان کەسی باشن، دایدەبەزێنن، چاوەڕێی قیتاری دوایی دەکا، دیسان دایدەبەزێننەوە، دیسان دەسپێدەکاتەوە، تا دەگاتە نەرویج، کە ڕەوەندێکی گەورەی کورد لەوێ دەژین. لەوێ بڕیار دەدا داوای پەنابەری سیاسی بکا.

لەوێ، بەدرێژایی شەش ساڵ، لەڕێی وردە کاسپی هەمەجۆرەوە خۆی دەژێنێ. کۆمەک (مووچەی سۆسیال) بەدەسدێنێ کە تایبەتە بۆ پەنابەران، مانگی ٢٠٠ یورۆ وەردەگرێ. لەڕووی هیزرییەوە، پێداچوونەوە بۆ ڕابردووی بیری خۆی دەکا. پەنجە دەخاتە سەر ئەو ''ئاراستەگیرییە مارکسییانە''ی بەدرێژایی ساڵانێک لەسەریان گۆشکراوە. تا ئەو ڕۆژەی بەرپرسی سەرەکی ''کۆمەڵە''، پارتە کۆنەکەی جاران تێیدا ئەندام بوو، بە سەردانی ڕەسمی دێت بۆ ''ئۆسلۆ''. پێشوازی، چاوپێکەوتن. ناسنامەی کوردی لێرە. تێکۆشان لەدژی مەلاکان لەوێ. ئا، پێم بڵێن ... ئایا بەڕێکەوت کەسێکتان لەلا نییە پەنابەری سیاسییە بەناوی ''تەییب''؟ وایە؟ کەواتە ئاگاداربن ئەو کوڕە کۆنە تاوانبارە.  نەتەنیا لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە لادەرە، تاوانبارێکی تەوایشە. ئیدی ''ئاڵا'' تێدەگا کە تازە بێگەڕانەوە دۆسییەی داواکاری پەنابەرییەکەی ڕەتدەکرێتەوە. بۆیە ئەو ٤٠٠ چوارسەد کرۆنەی بۆی ماوەتەوە هەڵدەگرێت و دەچێ گوریسێک دەکڕێ بە ٢٠٠. لە ملیەوە گرێدەدات و دەچێتە سەر کورسییەک و خۆی هەڵدەواسێ ـ بەڵام پەتەکە دەپچڕێت و ئیدی ڕێگەیەکی لەبەردەمدا نامێنێ گەڕانەوە نەبێ بۆ کوردستان.

ئێمە وا لە ٢٠١٣ داین. ئاڵا لەڕێی فەیسبوکەوە لەپەیوەندیدایە لەگەڵ کچێکی گەنجدا بەناوی ''هێرۆ''. تەنیا ئەوەی لەبارەوە دەزانێ کە جوانە، کە هۆنراوەی ئێرۆتیکی دەنووسێت و ماڵیان لە کەرکوکە، دوور لە هەڤاڵە کۆنەکانی کۆمەڵەی. کاتێک کە یەک دەبینن، دەکەونە داوی خۆشەویستییەوە. ''تۆ قارەمانیت'، هێرۆ پێی دەڵێ. تۆ بۆ ئەوە لەدایک بوویت کە دنیا بگۆڕیت.'' ئاڵا ئەو کارە دەکا. لە کەناڵێکی لۆکاڵیدا بەرنامەیەک پێشکەش دەکا کە دوای ڕێپۆرتاژێکی وێرانکەر لەسەر نەخۆشخانەکانی شار بەرنامەکە دەوەستێنرێ. دواتر لە ''هاوڵاتی''، ڕۆژنامەیەکی ناوخۆیی، دەسبە خەبات دەکا لەدژی بۆرژوازییەتی نوێ لە وڵاتدا. ئیتر جەنگێکی تر دەسپێدەکا، و دواتر لە ئین ئارتی دەبێ بە پەیامنیڕ، جەنگە ڕاستینەکە، کە ''داعش'' بانگەوازی دەکا لەدژی جیهان، لە کوردستان. ئەو پێشتر هەرگیز پەیامنێر نەبووە. تەنانەت کامێرایشی نییە. بەڵام تەلەفۆنێکی دەستی هەیە. ئەو تەلەفۆنە دەستییەی بەسە بۆ ئەوەی بچێت بۆ بەرە هەرە گەرمەکانی جەنگ ، وێنە بۆ تەلەفیزۆنەکان پەیدا بکا. تا ئەو ڕۆژەی مانگی تەموزی ٢٠١٥، لە ناوچەی ''موڕە''، پشوو وەردەگرێت و دێتە ناو پڕۆژەی فیلمەکەمان.

سێ مانگ دواتر. وێنەگیری فیلمەکەمان لە نیوەیدایە. لە ''موونزیریە''ین، لە شەڕەکەی ''گووبەیبە''. ئاڵا سەلیقەیەکی گەورەی ''کادراژ''ی هەیە. ئەو پاڵنەرە هەستییە یەکەمەی هەمانە بۆ وێنەگرتن دەبێ بیپارێزین و لەدەستی نەدەین. چونکە باشترین ئەنجامی لێدەبێتەوە. دەموچاوەکانیش. ئەو ''پارتی پری'' (شێوازێکی هەڵبژاردەی تەکنیکی بەمەبەست بڕیاری لەسەردەدرێت و کاری پێدەکرێ) کە بۆ وێنەگرتنی دەموچاوەکان هەڵمان بژارد، لە هیچ بارودۆخێکدا بەرمان نەدا و نەمانگۆڕی. هەروەها ئەو چاونەترسییەی هەموو پیشەکارە گەورەکان هەیانە، کە ''کاپا'' دەیوت ''ئەوە تەنیا شێوازێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ترسەی فێریکراوین''.

لەناکاو، دەیبینین ئاڵا دوور دەکەوێتەوە. پیکابەکەی بەخێرایی بەرەو گوندێک دەڕوا کە داعش تێیدا ١٥ کوردی گەمارۆداوە. مینڕێژ... تەقینەوە... سێ پێشمەرگەکەی لە پیکابەکەدان دەسبەجێ گیان لەدەسدەدەن. ئەو، چونکە لەسەر پلیکانەکەی دواوە بەپێوە خۆی ڕاگرتبوو و وێنەگری دەکرد، دەپەڕێ و شانی بریندار دەبێ. نەشتەرگەری خێرا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان، کە دواتر خۆی باسی هەلومەرجی نالەبارەکەی دەکا. نەشتەرگەرییەکی نوێ، لە هەولێری پایتەخت، کە تێیدا پارچەکانی کامێراکە دەردەهێننەوە کە لە ملیدا ڕۆچووبوون. خۆڕاهێنانەوە، ئاخرییەکەی، لە پاریس ـ بەو پاسپۆرتەی لەدەرچوونییەوە لە ئێران بەردەوام خەونی پێوە دیبوو، وەک دیاری.

''کەی دەگەڕێینەوە بۆ بەرەکانی جەنگ؟'' ئەمانە یەکەم وشەی بوون کاتێک بەنجەکە بەریدەدا، لەژووری هۆشهاتنەوەدا. ئەو بۆ پێشمەرگە ئەنجامی دەدا، کاتێک دەگەڕێتەوە ناو وێنەگریی پڕۆژەکە، بە دەستێکەوە، لە ئازادکردنەوەی ''شنگال''دا. ئەمڕۆ، تەنیا، ئەو یەکێکە لەو وێنەگرە دەگمەنانەی کە هێزە کوردییەکان لەتەک خۆیاندا بردوویانە بۆ شەڕی گرتنەوەی موسڵ: بەهیوای ئەوەی ڕێ بەخۆی بدا ـ بەهرەکەی، ئازایەتییەکەی، چارەنووسە ناوازەکەی، مافی ئەوەی پێدەدەن ـ یەکەم فیلمی خۆی واژۆ بکا.
----
*
بێرنارد هێنری لێڤی، نووسه‌ر، فه‌یله‌سوف، ده‌رهێنه‌ری سینه‌ما و رۆماننوسێکی  به‌ناوبانگی فه‌ڕه‌نسییه‌.
ساڵی ١٩٤٨ له‌ جه‌زائیر له‌دایک بووه‌ و ئێستا نیشته‌جێی پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسایه‌.
ساڵی ٢٠١٥ فیلمی "پێشمه‌رگه‌"ی ده‌رهێناوه‌ که‌ باس له‌ شه‌ڕی نێوان پێشمه‌رگه‌ و داعش ده‌کات به‌ درێژایی ١٠٠ کیلۆمه‌تری سنووری باشووری کوردستان و عێراق.
فیلمی پێشمه‌رگه‌ له‌ فیستیڤاڵی سینه‌مایی کانی ساڵی ٢٠١٦ نمایش کرا و بڕیاره‌ ساڵێ ٢٠١٧ش به‌شداری فیستیڤاڵی سێزار بکات، که‌ دووه‌م گه‌وره‌ فیستیڤاڵی سینه‌مایی فه‌ڕه‌نسایه‌ دوای کان.