بەپەلە

ئەگەر بە خزمەت کاک نەوشیروان بگەم!

11/13/2015 3:32:00 PM

8353 جار خوێندراوەتەوە

بەختیار مام شێخ
+ -

ئەگەر بەخت یاوەرم بوو دەرفەتێکم بۆ ڕەخسا بەخزمەت کاک نەوشیروان مستەفای ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوە گۆڕان گەیشتم، ئەمەی خوارەوەی عەرزدەکەم:

لەم وڵاتانەی کە دیموکراسی و سەقامگیریی سیاسی و ئابوورییان تێدایە، لەشکری ڕاوێژکاران وڵات و دەزگە و جۆمگەکانی دوڵەت هەڵدەسوڕینن، سەرۆکی حکومەتیش ژمارەیەکی زۆر ڕاوێژکاری لە سەرجەم بوارە جیاجیاکاندا هەیە، دوابەدوای هەڵبژاردنەکانیش بەشێک لەم ڕاوێژکارانە دەگۆڕدرێن. سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنیش بەهەمان شێوە ژمارەیەکی زۆر ڕاوێژکاری هەیە. بە کورتی ڕاوێژکارەکان فەرمانڕوایی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتانەن، ئەمەش بووەتە فاکتەری سەرەکیی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری.

من نازانم ڕاوێژکارەکانی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پارتەکان کێن و چەندن، بەڵام ئەگەر هەشبن؛ ڕەنگە بە باشی کار و ئەرکەکانی خۆیان بەجێ نەگەیاندبێت، ئەگینا چۆن دەکرێت وڵاتێک هەمیشە چەندین قەیرانی هەبێت و هیچ چارەسەیشیان نەبێت؟

سیاسەت پیشەیە وەک هەر پیشەیەکی تر، کە ئەمیش ئیجتیاهدی تێدایە، ئەوەی ئەرکی مـاڵەوەی بە باشی جێبەجێبکات خۆی بە باشی بۆ تاقیکردنەوەکان ساز و ئامادە بکات، نمرەی باش بەدەست دەهێنیت و جەماوەری پتر دەبن و دەبێت بە خاوەنی حیزبێکی خاوەن جەماوەرێکی گەورەتر و ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەریی حیزبەکەی زیاتر دەبێت. ئەوەیشی ئەرکی خۆی بەباشی جێبەجێنەکات، نمرەی باش ناهێنێت و جەماوەر لەدەست دەدات و لە حیزبەوە دەبێت بە حیزبۆکە، ئەگەر پەند و عیبرەت لە هەڵەکانی خۆی وەرنەگرێت، ئەوا ڕەنگە لە حیزبۆکەش دابەزێت بۆ دوکاندار.

پێویستە لەسەر کاک نەوشیروان کە هەمیشە شوکرانە بکات کە سەرکردایەتیی حیزبێکی جەماوەریی بنکە فراون دەکات، لە هەمان کاتیشدا توانیی کلتوری ئۆپۆزسیۆن بهێنێتە کوردستان و ڕێگە بۆ دامەزراندنی میدیای نیمچە ئازاد خۆش بکات. ئەگەر کاک نەوشیروان ئەوەندەی ژیانی ماوە هیچیترنەکات، ئەوەندەی بەسە هەتا بەزیندوویی لە مێژوودا بمێنێتەوە.

هێچ سیاسەتمەدارێک نییە هەڵەی سیاسیی نەکردبێت، کاک نەوشێروانیش یەکێکە لەم سیاسەتمەدارانە، بەڵام هەڵەی ئەم جارەی کوشندە نەبوو! هەربۆیە ئەگەر بە ژیرانە مامەڵە بکات دەتوانێت ئەم شکستە وەرگێڕێت بۆ سەرکەوتنێکی سیاسی لە خزمەت خەڵکی کوردستان.

کوردستان بە قەیرانێکی دارایی و سیاسیی کوشندەدا تێدەپەڕێت و پێویستە سەرۆکی سەرجەم حیزبە گەورەکانی کوردستان بزانن کە میللەت لە سەرووی هەموو گرنگییەکانیانەوە بێت، میللەتیش ئەمڕۆ، هەروەک هەمیشە، تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکانی دەوێت، چونکە هێچ کارێکی گرنگ و چارەنووساز لە کوردستان بەبێ پارتە سیاسییە سەرەکییەکان ئەنجام نادرێت.

لەبەر ئەم هۆکارانە کاک نەوشیروان و بزووتنەوەی گۆران ئەم دوو ڕێگەیان لە پێشە:

ڕێگەی یەکەم: لە نێوخۆیاندا دان بەم شکستە سیاسییەکەی بزووتنەوەی گۆڕان بنێن بۆ سنووردارکردنی دەستەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و دکتۆر یوسف محەمەد بکەن بە قوربانی بۆ دەربازبوون لەم دۆخە داخراوەی کوردستان و بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەخت لەگەڵ پارتی بکەونە گفتوگۆ بۆ ئەوەی بەزووترین کات وەزیرەکانی بخاتەوە سەرکار و بە هەموو لایەک تەبایی و متمانە بۆ تاکی کورد بگێڕنەوە.

ڕێگەی دووەم: خۆتان وەزیرەکان لە حکومەت بکێشنەوە و بەنەفەسێکی درێژ ببنەوە بە ئۆپۆزیسیۆن و بەردەوام بن لەسەر ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان و بەردەوامبن بۆ بەهێزترکردنی ڕووحی ئۆپۆزیسیۆن کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا بنیاتنانی کۆمەڵگای مەدەنی ڕاستەقینەوە گرۆپی فشار پتەوترکردنی کاری میدیای نیمچە ئازادیان لێدەکەوێتەوە.

هیچ یەک لە هەلبژاردەکان ئاسان نین، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئەگەر ڕێگەیتر هەشبن، ئەوا زۆر لەمەی باسمان کرد جیاوازترنین. هەر بۆیە تکاتان لێدەکەم کە کات بەفیڕۆ مەدەن، چونکە میللەت پێویستی بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی تازە هەیە، لە هەمان کاتیشدا دەبێت زووترین کات کاربکرێت بو گێڕانەوەی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری بۆ کوردستان.

بەختیار مام شێخ ئەندامی شارەوانیی کینسنگتن و چێڵسی- لەندەنە