بەپەلە

5/6/2017

له ‌به‌غدا چه‌ندین كه‌س له‌ناو ماڵدا شێر به‌خێوده‌كه‌ن

11422 جار خوێندراوەتەوە

+ -

جاران شێرو ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌كان له‌عێراق ته‌نیا له‌ناو به‌خچه‌ی‌ ئاژه‌ڵاندا ده‌بینران، كه‌چی‌ ئێستا چه‌ندین ماڵ هه‌ن له‌به‌غدا ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ به‌خێو ده‌كه‌ن، هه‌ندێك بۆ خۆشی‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن ‌و هه‌ندێكی‌ دیكه‌ش ده‌یانه‌وێت قازانجی‌ لێ‌ بكه‌ن.

ئه‌میر چه‌له‌بی‌ كه‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ ئاژه‌ڵی‌ ده‌گمه‌ن و دڕنده‌ ده‌هێنێت، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌م دواییه‌ خواست له‌سه‌ر كڕینی‌ شێر زۆربووه‌، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و شێرانه‌ی‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان ٤ بۆ ٦٠ رۆژدایه‌، چونكه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا به‌خێوكردنیان ئاسانه‌و مایه‌ی‌ مه‌ترسی‌ نین، زۆرتریش خواست له‌سه‌ر شێری‌ ئه‌فه‌ریقی‌ هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كه‌ش و هه‌وای‌ كوردستاندا ده‌گونجێت.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ عه‌لی‌ عه‌بدوڵا سه‌لمان كه‌ به‌خێوكه‌ری‌ ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌كانه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌خێوكردنی‌ ئاژه‌ڵ زۆر جیاوازه‌ له‌به‌خێوكردنی‌ سه‌گ ‌و پشیله‌، چونكه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ ده‌بێت ئارامی‌ هه‌بێت ‌و كه‌سێكی‌ به‌هێز بێت تا شێره‌كه‌ ده‌سته‌مۆ بكات، هه‌روه‌ها ده‌بێت هه‌موو پێداویستییه‌كانی‌ له‌خواردن‌و خواردنه‌وه ‌و شوێنی‌ گونجاو ده‌سته‌به‌ر بكات".

باس له‌وه‌ش ده‌كات له‌وه‌رزی‌ زاوزێدا ده‌بێت شوێنێكی‌ گه‌وره‌ بۆ شێره‌كه‌ دابین بكرێت‌و ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگیرێت كه‌ پاش زاوزێ‌ شێر دڕنده‌ ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بێ‌ سه‌رله‌نوێ‌ رابهێنرێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ بۆ مێینه‌كان كه‌ دڕنده‌ترن له‌نێرینه‌كان، هه‌ندێجاریش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ مه‌ترسییه‌كان له‌رێی‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه‌ دانی‌ شێره‌كه‌ هه‌ڵده‌كێشن.

له‌باره‌ی‌ نرخی‌ شێره‌كانه‌وه‌ سه‌لمان ده‌ڵێت "به‌چكه‌ نرخی‌ ٤٠٠ دۆلاره‌وه‌و شێری‌ گه‌وره‌ش نرخه‌كه‌ی‌ ده‌گاته‌ ده‌ هه‌زار دۆلار".

جاران شێرو ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌كانی‌ تر له‌ سوریاوه‌ ده‌هێنران، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی‌ خراپی‌ رێگاوبانه‌وه‌ بازرگانه‌كان مامه‌ڵه‌ به‌و شێرانه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ناوخۆدا له‌دایك ده‌بن.

ته‌یسیر عه‌زاوی‌ كه‌ هاوڵاتییه‌كه‌و له‌ماڵه‌وه‌ شێر به‌خێو ده‌كات، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌منداڵییه‌وه‌ حه‌زی‌ به‌ به‌خێوكردنی‌ ئاژه‌ڵه‌ ماڵییه‌كان بووه‌، كاتێكیش گه‌وره‌ بووه‌و به‌رنامه‌ دیكۆمێنتارییه‌كانی‌ بینیوه‌ سه‌رسام بووه‌ به‌شێر، بۆیه‌ بڕیاریداوه‌ شێرێك له‌ماڵه‌وه‌ رابگرێت.

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ شێره‌كه‌ی‌ گه‌وره‌ بووه‌، نرخێكی‌ زۆریان پێداوه‌، ئه‌ویش بڕیاریداوه‌ بیفرۆشێت ‌و له‌و كاته‌وه‌ كڕین‌ و فرۆش به‌شێره‌وه‌ ده‌كات.

ده‌شڵێت "به‌شی‌ زۆری‌ بازرگانه‌كانی‌ ئه‌م بواره‌ خه‌ڵكی‌ ئیمارات ‌و ئه‌رده‌نن، له‌ عێراقیش ئه‌وانه‌ ده‌یكڕن كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن ‌و باخێكی‌ گه‌وره‌یان هه‌یه‌ تا بتوانن قه‌فه‌س بۆ شێره‌كه‌ دروست بكه‌ن".

هه‌ندێكه‌س له‌به‌غدا بۆ خۆنواندن شێره‌كانیان ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش زۆر كه‌سی‌ ترساندووه ‌و نائارامی‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌میندارێتی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیران بڕیاریداوه‌ لیژنه‌یه‌ك پێك بهێنێت بۆ ڕێگرتن له‌هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی‌ ئاژه‌ڵی‌ دڕنده‌.

ئه‌میر حه‌سون به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ڕاگه‌یاندنی‌ وه‌زاره‌تی‌ ژینگه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "لیژنه‌كه‌ كاری‌ ئه‌وه‌یه‌ چه‌ند كۆت‌ و به‌ندێك بۆ هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی‌ ئاژه‌ڵی‌ دڕنده‌ دابنێت ‌و ئه‌وانه‌شی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نا شه‌رعی‌ هێنراونه‌ته‌ ناوه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێت‌ و ته‌نیا به‌پێی‌ چه‌ند رێوشوێنێك هه‌ندێ‌ جۆری‌ دیاریكراوی‌ ئاژه‌ڵ رێی‌ هێنانه‌ ژووره‌وه‌یان پێ‌ ده‌درێت".

له‌هه‌مان ڕووه‌وه‌ سه‌عد مه‌تڵه‌بی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش له‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌غدا به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌غداو وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆدا هه‌یه‌ بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ ئاژه‌ڵی‌ دڕنده‌ به‌خێو ده‌كه‌ن".

باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ كڕین ‌و فرۆشی‌ ئه‌م ئاژه‌ڵانه‌ به‌نهێنی‌ ده‌بێت دوور له‌ چاودێری‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، بۆیه‌ داوای‌ له‌هاوڵاتیان كرد له‌و رووه‌وه‌ هاوكاریان بكه‌ن.

سەرچاوە: نیقاش

م.ر