سەردێڕ:

وەزارەتی کارەبای ھەرێم هۆکاری کەمی کارەبا ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2021-07-02

2386 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای ھەرێم رایگەیاند، کێشەی سەرەکی لە بەرھەمھێنانی کارەبا نەبوونی سوتەمەنییە.


وەزارەتی کارەبای ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بەھۆی بوونی گرفت لە یەکەکانی کۆمپانیایەکی بەرھەمھێنان ٦٠٠ مێگاوات کارەبا لە توڕی نیشتمانی کەمبووەتەوە و لە ئێستادا توانای بەرھەمھێنانی کارەبا ٣ ھەزار و ٣٠٠ مێگاواتە.

باس لەوەشکراوە، وێستگەی دھۆک توانای بەرھەمھێنانی ھەزار مێگاوات کارەبای ھەیە، بەڵام بەھۆی نەبوونی سوتەمەنی تەنیا ٨٠ بۆ ١٠٠مێگاوات بەرھەم دەھێنرێت.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبادا ئەوەش ھاتووە، ھیچ لەو بڕە کارەبایەی کە بۆ ھەرێم بەرھەمی دەھێنن، نادرێتە ھیچ شوێنێکی دیکە.

راشیگەیاندووە، ٦٥%ی خەرجی کارەبا لەسەر حکومەتە و ٣٥% ی ئەو خەرجییە لەسەر شانی خەڵکییە. ھەولێر ٤٢% و سلێمانی %٢٨ و دھۆک %٢٤ و ئیدارەی گەرمیانیش گەرمیان %٤.٧  کارەبای ھەرێمیان پێدەدرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرباری چەندین بەڵێنی بەرپرسان، بەڵام ٣٠ ساڵە حکومەتی ھەرێم نەیتوانیوە کێشەی کەمی کارەبا چارەسەر بکات و ھاوڵاتییان لە وەرزی زستان و ھاویندا توشی گرفتی کەمی کارەبا دەبن، سەرەڕای فرۆشتنی زیاتر لە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام وەزارەتی کارەبا دەڵێت، گرفتی کەمی کارەبا کەمی سوتەمەنییە.