سەردێڕ:

شێوازێکی نوێ بۆ پێدانی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە دەگیرێتەبەر

فۆتۆ: 
2021-07-01

5272 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، یەکەیەکی حیسابی لە وەزارەتی پێشمەرگە دامەزراوە و هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لەو رێگایەوە و بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی موچە وەردەگرێت.


قارەمان شێخ کەمال جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی باسی لەوەکردووە، لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمدا بڕیار دراوە یەکەیەکی حیسابی دامەزرێت و ھەموو ھێزی پێشمەرگە لەوێ موچەی خۆیان وەربگرن.

جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردووە، یەک حسابییەکە کارەکانی تەواو بووە و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ ئەوەی ئەوانیش ڕەزامەندیی لەسەر بدەن و دواتر بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەشڵێت، ئامانج لەو هەنگاوەش بریتییە لەوەی کە پێشمەرگە تەنھا یەک یەکەی حیسابیی ھەبێت.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، لەسەرەتای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا بڕیاری ئەنجامدانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەرکراوە و تیایدا یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، یەکخستنی شێوازی پێدانی موچە و چەند لایەنێکی دیکەی سەر بە وەزارەتەکە دەگرێتەوە.