سەردێڕ:

١٣ هەزار کرستیان بۆ ئەنجامدانی حەج سەردانی عێراق دەکەن

فۆتۆ: 
2021-07-01

787 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی سەرپەرشتیکردنی شوێنەوارەکان و کەلەپوری زیقار رایگەیاند، شاری ئوری شوێنەواری ئامادەدەکرێت بۆ پێشوازیکردن لە ١٣ هەزار حاجی کریستیان لەسەرتاسەری جیهاندا کە سەردانی ئەو شارەدەکەن و تیایدا نوێژی ئیبراهیمی دەخوێنن.


عامر عەبدولرەزاق بەڕێوەبەری سەرپەرشتیکردنی شوێنەوارەکان و کەلەپوری زیقار بە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتی راگەیاند، ریمۆ کیباڤارینی سەرۆکی دامەزراوەی گەشتوگوزار و حەجی کریستیانەکان لە ڤاتیکان لەگەڵ فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتی سەردانیکردنەکەیدا بۆ ڤاتیکان، رێککەوتوون گەشتی حاجیانی کریستیانەکان لە شاری ئوری شوێنەواری رێکبخەن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە گەورەترین گەشتی حەج کردنی کریستیانەکان دەبێت بۆ عێراق و شاری شوێنەواری ئور کە تیایدا ١٣ هەزار حاجی کریستیان بە مەبەستی ئەنجامدانی حەج سەردانی ئەو شارە دەکەن.

بەڕێوەبەری سەرپەرشتیکردنی شوێنەوارەکان و کەلەپوری زیقار باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا حکومەت سەرقاڵی رێکخستن و ئامادەکارییەکانە لە شاری ئور بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەی حاجیان.

دەشڵێت، بڕیارە لەمەودوا مانگانە پێشوازی لە کریستیانەکانی جیهان بکرێت بۆ ئەنجامدانی حەج و خوێندنی نوێژی ئیبراهیمی لە شاری ئور و ئەریدۆ و لارسا و ناوچەی لەکشی شوێنەواری لە پارێزگای زیقار.

عامر عەبدولرەزاق وتیشی، بۆ ئامادەکاریەکانیش ١٠ ناوەند و رێکخراو پەیک و شاندی خۆیان ناردووە بۆ ئەو ناوچانە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ پاپا فرەنسیس، پاپای ڤاتیکان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق و لە رێکەوتی ٦ی نیسان سەردانی شاری  ئوری شوێنەواری کرد و تیایدا بە ئامادەبوونی نوێنەری هەموو ئاین و ئاینزا و پێکهاتەکانی عێراق پێکەوە نوێژی ئیبراهیمییان بۆ سەقامگیری وئاشتی لە عێراق و ناوچەکە و جیهان و ئەو شوێناناەی جەنگیان تێدایە خوێند.

کـ ، ئـ