سەردێڕ:

دادگای دەستووری تورکیا داوای ئازادکردنی پەرلەمانتارێکی هەدەپە دەکات

فۆتۆ: 
2021-07-01

777 جار خوێندراوەتەوە

دادگای دەستووری تورکیا رایگەیاند، تورکیا مافی عومەر فاروق گەرگەرئۆغڵو پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی پێشێلکردووە بەوەی سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندووە بەتۆمەتی تیرۆر.


ماڵپەڕی هابەرتورک لە تورکیا بڵاویکردەوە، "دادگای دەستووری تورکیا ئەمڕۆ داوای کردووە مافی گەرگەرئۆغڵو بگێڕدرێتەوە، رێگەی پێبدرێت لە چالاکییە سیاسییەکاندا بەشدار بێت و ئازادی ئەمنی و کەسێتی بۆ بگەڕێندرێتەوە."

ماڵپەڕی هابەرتورک ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بڕیارەی دادگاکە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئازادکردنی گەرگەرئۆغڵو و گەڕاندنەوەی بۆ پەرلەمان.

ئەو ماڵپەڕە تورکییە ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەگەری زۆرە ئەو پەرلەمانتارە لە زیندان ئازاد بکرێت و کەیسەکەی بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی مافی بوون بە پەرلەمانتارێتی بۆ بگەڕێندرێتەوە.

 

ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە مانگی ئاداری ئەمساڵ، دادگایەکی تورکیا مافی پەرلەمانتاری لە عومەر فاروق گەرگەرئۆغڵو سەندەوە و دواتریش بەتۆمەتی پروپاگەندەکردن بۆ پەکەکە لە مانگی شوبات سزای بەندکردنی بۆ ماوەی ٢ ساڵ و ٦ مانگی بەسەردا سەپاند.