سەردێڕ:

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا: وەزیری دارایی عێراق هۆكاری دواكەوتنی ٢٠٠ ملیارەکەنیە بۆ هەرێم

فۆتۆ: 
2021-07-01

441 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا رایگەیاند، بڕیاری خەرجكردنی ٢٠٠ ملیاری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان دەرچووە و ناردنیشی پەیوەستە بە وردبینییکردنی لەلایەن هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا. دەشڵێت، "وەزیری دارایی عێراق، هۆكاری دواكەوتنی پارەكە نییە".


فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند، هۆكاری دواكەوتنی ناردنی ٢٠٠ ملیارەكەی بەغدا، پەیوەستە بە رێوشوێنەكانی وردبینیی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان و فیدڕاڵ.

ئەوەشی خستەڕوو، وەزیری دارایی عێراق، هۆكاری دواكەوتنی پارەكەی بەغدا نییە، بەڵكو پەیوەستە بە پێداچوونەوەیەی هەردوو دیوانی چاودێری لە لیستی مووچەخۆران و فەرمانبەرامی هەرێمی كوردستان.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ ٣٠ی حوزەیران بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی لە کۆتا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا عەلی عەلاویی وەزیری دارایی عێراق ناڕازی بووە لەسەر کاتی ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئەوەی هەرێم هیچ بەرامبەرێک نادات بۆ ئەو پارەیە.

عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق باسی لەوەکردووە، هەرکەسێک بیەوێت پارە بنێرێت بۆ هەرێم دەبێت خۆی بچێتە ژێر ئەو بارودۆخەوە و دەبێت ناردنی پارە بەپێی رێککەوتن بێت.

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان وەک پشینە دەنێرێت کە ئەوە تەنها پێشینەیە و لە بەرامبەردا هەرێم هیچ داهاتێک نادات.

پێشتر، بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاندبوو، پێش کۆتایی ئەم مانگە بڕی ٢٠٠ ملیارەکە دەگاتە هەرێم، بەڵام لە ئێستادا وەزیری دارایی واژۆی ئەو بڕیارە ناکات.

کـ ، ئـ