سەردێڕ:

دوای ئەوەی بە زەبری هێز بڵاوەیان پێکردن خۆپیشاندان لە کۆمەڵگەی چڕە دەستیپێکردەوە

فۆتۆ: 
2021-06-30

6834 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی نەبوونی کارەباوە لە شارۆچکەی چرەی سەر بە قەزای شێخان لە دهۆک سەرلەبەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندان دەستی پێکرد و رێگای سەرەکی دهۆک-هەولێریان داخست، پاش ئەوەی بڵاوەیان پێکرا، لە ئێستاشدا بۆجاری دووەم هاوڵاتیان هاتوونەتەوە سەر شەقام.


خۆپیشاندەران داوای خزمەتگوزارییەکان و پێدانی کارەبا دەکەن و دەڵێن بارودۆخیان گونجاو نییە.

ئاماژە بەوەشدەکەن، کە هەلی کار لە شارۆچکەکەدا نییە و حکومەتیش خزمەتگوزارییەکانیان وەک پێویست پێنادات.

ئەمە دووەمجارە لەمڕۆدا کۆمەڵگەی چڕە خۆپیشاندان ئەنجامبدەن و هێزە ئەمنییەکان بە زەبری هێز بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد، بەڵام ئەوان بۆ جاری دووەم هاتنەوە سەر شەقام و رێگای سەرەکی دهۆک- هەولێریان گرتووەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ھەولێریش نارەزایەتیەکان بۆ کەمی و نەبوونی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاریەکان بەردەوامە و ئەمشەویش هاوڵاتیانی گەڕەکی باداوە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و هاوڵاتییەکی دانیشتووی ئەو گەڕەکە باسی لەوەکرد، کە ماوەی ١٥ رۆژە ئاویان نییە و ماوەی سێ رۆژە ٨٠ هەزاریان بە ئاو داوە، دەشڵێت، خەڵک گوزەرانی بەو جۆرە نییە بتوانێت ئاو بکڕێت.

گرفتی کەمئاوی و کەمی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیکەش لە هەرێمدا زۆرن هەرکاتێکیش هاوڵاتیان دێنە سەر شەقام بۆ دەربڕینی نارەزایەتی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە زەبری هێز بڵاوەیان پێدەکرێت، هاوڵاتیانیش باس لەوەدەکەن، کە حکومەت تەنها بەڵێن دەدات و جێبەجێی ناکات.

هـ.ئـ