بەپەلە

وێنە.. لە سلێمانی نەشتەرگەرییەكی دەگمەن بۆ دڵی منداڵێكی تازە لەدایکبوو ئەنجامدرا

وێنە.. لە سلێمانی نەشتەرگەرییەكی دەگمەن بۆ دڵی منداڵێكی تازە لەدایکبوو ئەنجامدرا
13/06/2017

11398 جار خوێندراوەتەوە

+ -

تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، لەناو نەخۆشخانەی پسپۆڕییەكانی دڵ لەشاری سلێمانی نەشتەرگەرییەكی دەگمەن بۆ منداڵێكی ساوای تەمەن ٢٨ ڕۆژە ئەنجامدراوە.

ئاسۆ فایەق ساڵەح ئەو پزیشكەی كە كاری نەشتەرگەرییەكەی ئەنجامداوە، ئەمڕۆ بە ماڵپەری تەندروستی سلێمانی وتووە، پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە منداڵەکە پەستانی سییەكانی زۆر بەرزبووە و بە بەردەوامی لەژێر وەرگرتنی ئۆكسجیندا بووە لە بەشی منداڵە نەبەكامەكانی نەخۆشخانەی شاردا و نەشتەرگەری دڵیان بە قەستەرە بۆ ئەنجامداوە.

ئەوەشی وتووە کە نەشتەرگەرییەكە سەركەوتوو بووە و لە ئێستادا باری تەندروستی منداڵەكە جێگیرە.

ئەو پزیشکە دەڵێت لە ڕێگەی قەستەرەوە هەستاون بە دانانی بۆرییەكی داخراو لەدەرەوەی دڵی منداڵەكە، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستانیش ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە بۆ منداڵ لەو تەمەنەدا کە كێشی تەنها سێ كیلۆگرامە، بۆ یەکەمجارە ئەنجام بدرێت و کارەکەش بە مایەی دڵخۆشی وەسفدەکات.

ئاسۆ فایەق ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، دوای نەشتەرگەرییەکە منداڵەکەیان گەڕاندووەتەوە بۆناو بەشی منداڵە نەبەكامەكانی نەخۆشخانەی شار.

م.ر