بەپەلە

هاوڵاتییەکی هەولێر زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاری خشت بڕین و کورەچێتی دەکات

هاوڵاتییەکی هەولێر زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاری خشت بڕین و کورەچێتی دەکات
11/06/2017

16249 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە ڕۆژئاواى شارى هەولێر بە دوورى نزیکەى ٢٠ کیلۆمەتر لە گوندى ماستاوە، ژمارەیەک کورەى دروستکردنى خشت یا کەرپوچ هەن، یاسین کورەچى یەکێکە لە کورەچییە دێرینەکانی ئەم ناوچەیە و زیاتر لە چل ساڵە ئەمە کاریەتی.

کورەچێتی و ئیشی خشتبڕین لە هەولێر پیشەیەکە کە مێژووەکەی لەگەڵ مێژووی دروستبوونی شارەکەدایە، هێشتا ئاسەواری ئەم پیشەیە بە هەولێری کۆنەوە ماوە.

یاسینی کورەچی کاتى بارودۆخى بازار باش بوو ڕۆژانە نزیکەى چوار هەزار خشتى لە ڕۆژێکدا دروست دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆى خراپى ڕەوشی بازاڕەوە ژمارەی خشتەکانی کەمکردووەتەوە بۆ کەمتر لە هەزار خشت لە ڕۆژێکدا.

ئەم پیشەیەش وەکو زۆربەی پیشە و کارەکانی تری خۆرهەڵاتی، کەوتووەتە ژێر کاریگەری بەرهەمی دەرەکییەوە. بۆیە لە بازاڕدا توانای کێبەرکێی نییە لەگەڵ خشتی ئێرانیی و تورکی.

لەو شوێنەی یاسین کارەکانی ڕادەپەڕێنێ چەندین گەنجی دیکە دەرفەتی کاریان بۆ ڕەخساوە ڕۆژانە، مەروان یەکێکە لەو گەنجانەی کە وازی لە خوێندن هێناوە، ئیشی ڕۆژانەی ئەم کوڕە گەنجە قوڕ شێلانە و ئامادەکردنییەتی بۆ ناو کوورە.

بۆ دروستکردنی خشت بە قوڕ، لێزانی و ماندوو بوونی زۆری دەوێت، هەروەها دەبێت کورەچییەکان خاکناسێکی باشبن تا بتوانن خاک و خۆڵی شیاو بۆ خشت بدۆزنەوە، سەرباری ئەو هەموو زەحمەتی و ماندووبوونە، ئێستا کورەچییەکانی هەولێر بۆ بازڕێک دەگەڕێن کە بەرهەمی ئەو لێزانی و ماندووبوونەیانی تێدا ساغبکەنەوە کە ئەمەش بووەتە کارێکی زەحمەت.

م.ر