بەپەلە

ڤیدیۆ.. ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی ئیمزا کرا

ڤیدیۆ.. ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی ئیمزا کرا
وێنەی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە
17/05/2016

22096 جار خوێندراوەتەوە

+ -

  ڕێککەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە فەرمی و لەلایەن ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی ئیمزا کرا.

دوای ئەوەی خاڵەکانی ڕێککەوتننەکە لەلایەن هەردوولاوە هەموارکرایەوە ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی ئایار گۆڕان و یەکێتی بە فەرمی ئیمزا ڕێککەوتنەکەیان کرد.

ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی لە ٢٥ مادە و بڕگەی جیا پێکدێت و باسی لە هاوپەیمانی فراکسیۆنەکان و شێوازی حوکم لە هەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمان کردووە.

لە یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەدا ئاماژە بۆ هاوپەیمانێتی فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانى عێراق و ئەنجومەنى پارێزگاکان کراوە.

لە یەکێکی دیکە لە خاڵەکاندا بڕیاردراوە بەشداریکردنیان بە یەک لیست بێت لە هەڵبژاردنەکاندا و هەروەها جەخت لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمان کراوەتەوە و بڕیاریشدراوە سەرۆکی حکومەت دەسەڵاتی یەکەمی ڕاپەڕاندن بێت.

ئەو ماددانەی هەموارکرانەوە لە ڕێککەوتنەکەدا بریتین لە مادەی ٥ و ١١ و ٢١ کە هەندێک لە خاڵەکان لادراون یان گۆڕانکارییان تێداکراوە.

لە مادەی پێنجەمی ڕێککەوتنەکەدا پێشتر نوسرابوو "پەکخستنی پەرلەمان و درێژەکێشانی ئەم پەکخستنە بوەتەهۆی لەکەدارکردنی لەکەدارکردنی پرۆسەی سیاسی و سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان".

لە دەقی هەموارکراوەکەدا مادەی پێنجەم کراوە بە "هەردولا کۆکن لەسەر لابردنی لەمپەرە یاسایی و سیاسییەکانی بەردەم دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم و دەستبەکاربوونەوەی بێ مەرجی پەرلەمان لەسەر بنەمای سەروەری یاسا".

هەروەها لە مادەی ١٥ دا کە پێکهاتووە لە ٣ بڕگە گۆڕانکاری لە بڕگەی یەکدا کراوە و پێشتر بڕگەکە نوسرابوو "هەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە درووستکردنی ئیتلافێک دەبێت بۆ فراکسیۆنەکەنای هەردولا لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان".

لە دەقی هەموارکراوەکەدا لە بڕگەی یەکی مادەی ١٥ دا هاتووە "هەردولا پابەند دەبن بە درووستکردنی ئیتلافێک بۆ فراکسیۆنەکانیان لە لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەم ئیتلافەش کراوە دەبێت بۆ بەشداری فراکسیۆنەکانی دیکە بەبێ پرۆتۆکۆڵی تایبەت".

لە ماددەی ٢١ی ڕێککەوتنامەکە پێش هەموارکردنەوە نوسرابوو "هیچ لایەنێکی ئەم ڕێککەوتنە مافی ڕێکەوتن یان پەیمان بەستنی نییە لەگەڵ لەیەنی سیاسی تردا ئەگەرئەو ڕێککەوتن و هاوپەیمانییە پێچەوانەی یان ناکۆک بێت لەگەڵ ماددە و بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە".

لە دەقی هەموارەکەدا مادەی ٢١ گۆڕاوە بە "لایەنەکانی ئەم ڕێککەوتنە مافی ڕێککەوتن یان پەیمان بەستنیان هەیە لەگەڵ لایەنی سیاسی دیکەدا بەمەرجێک بە هیچ شێوەیەک ئەو ڕێککەوتن و هاوپەیمانیە پێچەوانە و ناکۆک نەبێت لەگەڵ هیچ کام لە ماددە و بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە".

ب.ح