بەپەلە

بۆچوونی پارتی گۆڕاوە؟

بۆچوونی پارتی گۆڕاوە؟
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
23/10/2015

73543 جار خوێندراوەتەوە

+ -

"ئەوەی ڕوویدا کاردانەوە بوو، کە کردارێکی خراپ دەکرێت یان دەبێت وەڵام نەدرێتەوە یان کاردانەوەکەی خراپ دەبێت، یەکێک جنێوت پێبدات، تەنها بە وەڵام نەدانەوە دەکرێت تۆ کارێکی باش بکەیت، بێگومان گەر وەڵامی بدەیتەوە تۆش جنێوی پێ دەدەیت"، ئەمە دواین قسەی فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو سەبارەت بە ڕێگری کردن لە سەرۆکی پەرلەمان و بۆ یەکەمجاریش ئەو کردارە بە "خراپ "لە لایەن پارتییەوە وەسفکرا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی NRT کە لە سەرچاوەیەکی ئاگاداری بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەستیکەوتووە، پارتی کەناڵەکانی پەیوەندی لەسەر چەند ئاستێک لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا کردووەتەوە، پارتی دەیەوێت لەسەر ئاستی پەرلەمان گۆڕانکاری بکات و ئامادەیە وەزیرەکان بگەڕێنێتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکەی گۆڕان وتی "پارتی دەیەوێت یوسف محەمەد لە سەرۆکی پەرلەمان لاببات، بەڵام وەزیرەکان بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان، پارتی لەوە باش تێگەیشتووە کە ئەو هەڵەی کردووە و بە ئاسانیش ناتوانێت هەڵەکە ڕاستبکاتەوە".

فازڵ میرانی لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی زاگرۆسی حیزبەکەی باسی لەوە کرد کە یەکێک لە وێنەکێشەکانی حکومەت وێنەکەی تێکداوە و پێویستە لایەنەکان هاوکاری بکەن و فڵچەی بدەنێ، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە وێنەکە هەرگیز وەک و خۆی لێبێتەوە و وتی "وێنەیەک تێک بچێت چاکیشی بکەیت هەر وەک پەڵەیەک دەردەکەوێت".

لەو چاوپێکەوتنەدا فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان پێشوازی لەوەدەکەن کە کۆبوونەوەی لوتکە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان ئەنجام بدرێت و ئاماژەشی بەوە کرد نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم زۆری پێ ناخۆش بووە دوو وەزیری پاشی کابینەکەی لەدەستداوە.

محەمەد تۆفیق ڕەحیم بەرپرسی ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ئامادە نەبوو دەربارەی قسەکانی میرانی بۆ NRT بدوێت وتی "گوێم لە قسەکانی نەبووە".

ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە فازڵ میرانی بە درێژایی چاوپێکەوتنەکە جەختی لەوە کردەوە کە نابێت "قەتماغەی برینەکان" هەڵبدرێنەوە چونکە هێشتا "برینەکان تازەن" و کات بدرێت بە لایەنەکان چونکە دواین ڕێگە چارە هەر کۆبوونەوەیە.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت محەمەد تۆفیق ڕەحیم لە لێدوانێکی پێشتریدا ئاشکرایکرد کە بە گەڕاندنەوەی سەرجەم وەزیر و پەرلەمانتار و سەرۆکی پەرلەمان ئامادەن لەسەر مێزی گفتووگۆ دابنیشن.

هێشتا ڕوون نییە بۆچوونی پارتی لە ئێستادا گۆڕاوە و دەیەوێت جارێکی دیکە لەگەڵ گۆڕاندا دابنیشێتەوە یاخود وەک ئەوەی نێچیرڤان بارزانی باسی کرد دەستدەکەن بە پێکهێنانی کابینەیەکەی نوێی حکومەت.

ر.ب